لە ئێستادا حدکا کۆبوونەوەکانی لەگەڵ ئـێمەدا ڕاگرتووە

مسته‌فا مەولوودی سکرتێری حیزبی دیموکرات لە چاوپێکەوتنێکی ״ئاژانس״دا وڵامی چه‌ند پرسیارێکی گرنگ ده‌داته‌وه‌ و سەبارەت بەو تەقینەوەیەی لە بەردەم بارەگاکەیان لە کۆیە ئەنجام درا باس لەوە دەکات ئەو کەسەی تەقینەوەکەی کرد کورد بووە و ئەندامی خۆیان بووە و دەشڵێت، ״ئەو کەسە تا گەیشتووەتە لای ئێمە بۆمبەکەی بە چەند بازگەیەکی پێشمەرگە و ئاسایشی هەرێمدا تێپەڕاندووە.״

ئاژانس: تۆ چ ئەجێندا و بەرنامەیەکی نوێت هەیە بۆ یەکگرتنەوەی دیموکراتەکان؟

مستەفا مەولوودی: پرسی یەکگرتنەوەی دیموکراتەکان جددییە و لە ماوەی ئەو دە ساڵەدا کە دابڕان لە ڕیزەکانی حزبی دیموکراتدا ڕووی داوە هەمیشە گرنگیی خۆی هەبووە و کاری لەسەر کراوە. ئێمە چوار ساڵ پێش ئێستاش ئەو پرسەمان لەگەڵ یەکتر باس کردووە و تەنانەت پڕۆژەیەکی نووسراویشیمان داوەتە هاوڕێیانمان لە حدکا کە چۆن هەردوو لایەنی حزبی دیموکرات یەک بخەینەوە. دیارە پێشتر لیژنەیەکمان هەبوو بۆ یەکگرتنەوەی هەردوو لایەنی حزبی دیموکرات کە من سەرۆکی لێژنەکەی حزبی دیموکراتی کوردستان بووم و بیروبۆچوونەکانی من لەنێو ئەو پڕۆژەیەدا هەیە.

ئاژانس: بەڵام خالید عەزیزی لە چەند ساڵی ڕابردوودا نەیتوانی ئەو کارە بکا، ئایا تۆ دەتوانی یان دەتوانی بەڵێنی ئەوە بدەی کە هەردوو دیموکرات یەک بخەیتەوە؟

مستەفا مەولودی: ئەم پڕۆسەیە کە لەگەڵ کاک خالید دەستمان پێ کردووە باش چووەتە پێشەوە، لە ئێستادا پەیوەندییەکانمان ئاسایی بوونەتەوە و لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا بە یەکەوە دادەنیشین و قسە دەکەین، سەردان و هاتوچۆمان هەیە لە بەیندا، دوو لیژنە لە لایەن ئەوان و ئێمەوە هەیە کە بە یەکەوە دادەنیشن و لەسەر چۆنیەتیی یەکگرتنەوە قسە دەکەن، ئەگەرچی ماوەی ساڵێکە هاوڕێیانمان لە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ڕەوتی وتووێژەکانیان ڕاگرتووە. دیارە ئەمن هەوڵ دەدەم ئەو وتووێژ و دانیشتنانە دەست پێ بکەنەوە تا بە یەکەوە خاڵە هاوبەشەکان بدۆزینەوە و کاریان لەسەر بکەین لە پێناو یەکگرتنەوەدا.

ئاژانس: بۆچی گفتوگۆکانیان ڕاگرتووە؟

مستەفا مەولوودی: ئەوان وا تێگەیشتوون کە کاک خالید عەزیزی لە سیاسەتی حزب و میدیادا بە جۆرێک سیاسەت دەکا کە جیاوازیی ڕوانگە و بۆچوونی سیاسی لەگەڵ ئەواندا درووست کردووە، ئێمە خوێندنەوەمان بۆ چۆنیەتیی بەشداریی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بزاوتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و مەدەنی فرەڕەهەندییە و بە بایەخێکی زۆرەوە بۆ جۆری خەبات و چالاکیی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەڕوانین کە بەشێکی سەرەکییە لە خەباتی کورد، کەچی ئەوان پێیان ‌وایە ئەم جۆرە خەباتە کەمڕەنگکردنەوەی خەباتی سیاسیی پێشمەرگانەیە، بەڵام ئەمن پێم وایە ئەم خوێندنەوەیەی ئەوان دەقیق و لە جێی خۆیدا نییە، چونکە مێژووی خەباتی حزبی دیموکرات بایەخی تایبەتیی داوە بە هەردوو ڕەهەند و جۆری خەباتەکە.

ئاژانس: باشە لە ئێستا چ هۆکارێک لە بەردەم یەکنەگرتنەوەدا ماوە؟

مستەفا مەولودی: هیچ هۆکارێکی سیاسی نابینم کە وەک کۆسپێک لە نێوان یەکگرتنەوەی ئێمە و حدکادا هەبێ، جگە لە میکانیزم و تەکنیکی یەگکرتنەوە کە دیارە میکانیزمەکانمان بۆ چۆنیەتیی یەکگرتنەوەمان جیاوازە.

ئاژانس: ئایا تەقینەوەکەی کۆیەش ترسی خستووەتە نێو پارتەکانی ڕۆژهەڵات و ئەمە بووەتە هۆکاری نزیکبوونەوەکەتان، یان نزیکبوونەوەکە پەیوەندیی بە خەباتەوە هەیە؟

مستەفا مەولوودی: بنەڕەتی مەسەلەکە هاوکاریکردنی خەباتکارانەیە لە نێوان هێزە سیاسییەکان بۆ تێکۆشانی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتدا کە وای کردووە ئێمە هاوکاریی یەکتر بکەین، هەڵبەت دەتوانین بڵێین تەقینەوەکە هۆکارێک بوو بۆ خێراترکردنی ئەو ڕەوتە.

ئاژانس: پارتەکانی دیکەش ترسیان لێ نیشتووە لە دوای تەقینەوەکە؟

مستەفا مەولوودی: بەڵێ، هەر بۆیەش دەزگا ئەمنییەکانی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆ بوونەتەوە. ئەوان دانیشتوون و لەسەر دیاریکردنی سیغەیەکی هاوبەش بۆ هاوکاریی یەکتر و ئاڵوگۆڕی زانیاریی ئەمنیەتی لە نێوانیاندا قسە و باسیان کردووە.

ئاژانس: پێت وایە ئەو تەقینەوەی کە لە ماوەی ڕابردوو لە بەردەم بارەگای سەرەکیتاندا ڕووی دا لەبەر چی بوو؟

مستەفا مەولوودی: ئێران هەمیشە بە دووی ئەوەوە بووە کە زەبر لە هێزە کوردییەکان بدا و لە هەمان کاتدا دەیەوێ بڵێ هەرێمی کوردستان ئەو ئەمنییەت و ئاسایشەی پێی دەنازێ ئەو ئاسایش و ئەمنییەتە نییە. هەروەها لەو سەروبەندەی گۆڕانکاری لە پۆستی سکرتێری حزبدا وا بنوێنێ ئەوە ناکۆکیی نێوخۆیی حزبە کە ئەم تەقینەوەیەی درووست کردووە. هەروەها دەیویست بە درووستکردنی بەدگومانی لە یەکتری ڕەوتی ئەو دانیشتن و وتووێژانەش کە لەگەڵ حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بوومانە لە باری ببا و وا بنوێنێ کە ئەم تەقینەوەیە لە دژی یەکتر کراوە.

ئاژانس: پێتان وایە ئێران ئەم تەقینەوەیەی کردووە یان دەستێکی نێوخۆیی لە باشووری کوردستان بووە؟

مستەفا مەولوودی: زانیاریی ورد و دەقیقمان لە چۆنیەتیی ڕووداوەکە هەیە. ئەو کەسەی ئەو تاوانەی کردووە تەواو دەیناسین و دەزانین لە کوێوە هاتووە و چۆن هاتووە و کۆماری ئیسلامی لە ڕێی چ کەسێکەوە بۆمبەکەی بۆ ناردووە. هەروەها دەزانین کە تاوانباری سەرەکیی دوایی لە چ ڕێگەیەکەوە گەڕاوەتەوە ئێران، دەمەوێ بڵێم شک لەوەدا نییە ئەو کەسە بەکرێگیراوی ئێران بووە و ئەوان ئەو کارەیان پێ‌ کردووە.

ئاژانس: ئەو کەسە کورد بووە و دەیناسن؟

مستەفا مەولوودی: بەڵێ کورد بووە و بە بنەماڵەوە دەیناسین کە کێ و چ کارەیە.

ئاژانس: خۆی پێشمەرگە بووە لاتان؟

مستەفا مەولوودی: نەخێر پێشمەرگە نەبووە، بەڵام نزیک بووە لە حزب و هاتوچۆی حزبی کردووە.

ئاژانس: من کە هاتم بۆ بارەگای سەرەکیتان چەند بازگەیەکی ئەمنیی توندوتۆڵم بڕی، چۆن دەکرێ کەسێک بە ماتۆڕسکلیتەوە کە تەقینەوەی پێوە لکێنرابێت بەم بازگانەدا تێپەڕێ و ئاشکرا نەبووبێت؟

مستەفا مەولوودی: ئەو کەسە تا ئەو جێگایەی بۆمبەکەی لێ داناوە هیچ بازگەیەکی حزبی نەبڕیوە، بازگەکانی دیکەی هەرێم و چەند بازگەیەکی ئاسایشی هەرێمی بڕیوە تا گەیشتووەتە لای بارەگای ئێمە.

ئاژانس: قسەکە لەسەر بارەگای ئێوەیە، وەک دیارە بازگەی ئاسایشی هەرێم پێش بارەگاکەتانە و بازگەی پێشمەرگەکانی ئێوەشی لێیە، ئەی چۆن بڕیویەتی؟

مستەفا مەولوودی: ئەو لەودیوی شوێنی پشکنینەکانی ئێمە بۆمبەکەی داناوە. ڕەنگە خاڵێک کە وەک لاوازی یان کەموکورتیی ئەمنییەتی ئێمە بنوێنێ ئەوەیە کە بۆمبەکە لە بەردەم دوکانەکە دانراوە کە نزیکە لە پرسگەی پاسەوانیی ئێمە. بەڵێ ئەو بۆمبە بە بازگەی ئاسایشدا هاتووە، بەڵام بازگەی حزبی دیموکراتی نەبڕیوە، دیارە لەبەر ئەوەی ئەو کەسە پەیوەندیی هەبووە لەگەڵ ڕێکخراوێکی حزبیی ئێمە، لەوانەیە کارتی پێناسێکی پیشانی ئەوان دابێ و گوتبێتی کە ئەندامی حزبم. جگە لەوەش ماوەی بیست ساڵێک دەبێ کە ئەم جۆرە کارە لێرە نەکراوە و ئەوە جۆرێک لە دڵنیایی درووست کردبوو، بەڵام حاشا لەوەش ناکەین کە کەمتەرخەمیی ئێمە و هێزەکانی ئاسایشیشی تێدا بووە.

ئاژانس: ئێستا بە کاتێکی گونجاو دەزانن بۆ دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری لە دژی ئێران یان هێشتا زووە؟

مستەفا مەولوودی: بە لای حزبی دیموکراتەوە هەموو کاتێک کاتی خەباتە، بەڵام خەبات لە ئێراندا تەنیا ڕەهەندێکی نییە، خەباتی حزبی دیموکرات بۆ وەدەستهێنانی مافە سیاسی و مەدەنییەکانی میللەتێکە لە چوارچێوەی ئێرانێکی دیموکرات و فیدراڵیدا. لەو نێوەدا ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک نیزامێکی سەرکوتگەر بەربەستی جددییە لەبەر هەموو ڕەهەندەکانی ئەو خەباتەدا، بۆیە حزبی دیموکرات خەباتی چەکداریشی قەت وەکو بنەڕەت وەلا نەنانەوە. حزبی دیموکرات خەباتی چەکداری وەک میتۆدێک بۆ فشارهێنان دەبینێ و وەک پشتیوانی لە خەباتی مەدەنی سەیری ئەو شێوازەی خەبات دەکا. لە ئێستاشدا ئێمە هێزی سەربازیمان هەیە و هەر کاتێک بە درووستی بزانین دەبێتە ڕۆژەڤی کار و چالاکییەکانمان. حزبی دیموکراتی کوردستان دەرگای لەسەر ئەو شێوازە لە خەبات دانەخستووە و چەکی دانەناوە، بەڵکو لە کاتی پێویستدا سوود لەو خەباتە چەکدارییەش وەردەگرێ.

ئاژانس: ئەی چاوەڕێی چی دەکەن و بۆ نایخەنە کاری خەباتی کردارییەوە؟

مستەفا مەولوودی: خەباتی چەکداری سرووشتێکی تایبەت بە خۆی و وردەکاریی خۆی هەیە و گرێدراوی کۆمەڵێک هەلومەرج و فاکتەرە کە دەبێ بە وردی تاووتوێ بکرێ و بڕیاری لەسەر بدرێ. بارودۆخی سیاسیی ئێران و کوردستان، هەلومەرجی هەرێمی کوردستان و ئەو توانا و ئیمکاناتە لۆجستیکییەی بە دەست حزبەکانەوە هەیە، ئەوانە هەموو دەور و کاریگەریی خۆیان هەیە کە حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر ئەوە ساغ ببنەوە کە لە چ ئاستێکدا، کەی و چۆن دەست بە خەباتی چەکداری بکەنەوە.

ئاژانس: لە چەند حەفتەی ڕابردوودا سەرۆکی پژاک سەردانی ئێوە و لایەنە کوردییەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کرد، ئەوان بەرنامە و پڕۆژەیەکی نوێیان پێ بوو؟

مستەفا مەولوودی: ئەوان بە مەبەستی دەربڕینی هاوخەمیی خۆیان سەبارەت بە تەقینەوەکەی شەوی یەڵدا سەردانی ئێمەیان کردبوو. هەیئەتی پژاک پێیان لەسەر پێویستیی هاوخەباتی و هاوکاری لەگەڵ ئێمە داگرت. وەک سەربەخۆیی هەڵوێستوەرگرتن و بڕیاردان و نەچوونە ژێر باری هەژموونی و بڕیاری هێزێک لە دەرەوەی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ڕاشکاوانە پێمان وتن کە ئەگەر دەتانەوێ پەیوەندی و هەماهەنگییەکی سیاسی و مەیدانیتان لەگەڵ حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبێ، دەبێ بە خوێندنەوەیەکی نوێ بێنە هاوکێشەکە و مامەڵە لەگەڵ هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەن. چونکە ناکرێ هێزێک هەبێ بڵێ ئەمن دەقاودەق سیاسەتی ڕۆژئاوای کوردستان یان باکووری کوردستان لە ڕۆژهەڵاتیش جێبەجێ دەکەم، چونکە ئەم جۆرە لاساییکردنەوە و ئیلهاموەرگرتنە کێشە بۆ بزووتنەوە و خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەنێتەوە.

ئاژانس: دەتەوێ بڵێی بە پەژاکتان وتووە چیتر پەیام لە پەکەکەوە وەرنەگرن؟

مستەفا مەولوودی: باش لە مەبەستەکەی من تێگەیشتووی.

Be the first to comment

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .