کۆنگرەی حدکا و ۴ کۆچکەکەی مستەفا هیجری

کەسێک کە دەیهەوێ ببێتە رێبەر دەبێ چوار تایبەتمەندی تێدابن،۱٫سیاسی بێ،۲٫وتاربێژبێ،۳٫مودیربێ،۴٫ نووسەربێ، لانیکەم توانایی لە۲ یان ۳ خاڵیاندا هەبێ تا بتوانێ وەک رێبەرێکی سەرکەوتوو دەوری خۆی بگێڕێ و ئاڵ و گۆڕ پێک بێنێ. لە دوای کاک دوکتور سادقی شەرەفکەندییەوە لە حیزبی دیموکراتدا کەس نەبووە کە ئەم جوار تایبەتمەندییەی هەبێ و بە هۆی جەناح و جەناح بازییەوە ئیزنش بە کەس نەدراوە کە بتوانێ خۆی بنوێنێ کە بزانین دەتوانێ هەڵگری چەند خاڵ لەم چوار تایبەتمەندییەیە.
کاک مستەفا وتاربێژێکی باش نەبووە تا ئێستا، کە گوێ لە وتووێژەکانی دەگرن دوای تەواوبوونی وتووێژەکەی وادەزان ۶ کیلومەتر هەڵهاتووم ئەوەندە هیلاک دەبم، هەروەها نووسەرێکی باشیش نیە کە ئەگەر کەسێک کتێبەکەی بخوێنێتەوە تێدەگات کە نووسەرێکی باش نیە.
کە کاک مستەفا بوو بە سکرتێر لە کۆنگرەی ۱۳ی حیزبی دیموکراتدا چوار کەس لە رێبەریدا کە لایەنگری توندی کاک مستەفا بوون وخۆیان لە جەناحی کاک مستەفادا دەبینیەوە، هەموو گەڵاڵەکانی جەناحی کاک مستەفا ئەوان دایاندەرشت. ئەویش شاهۆ حسەینی کە دەورێکی کاریگەری هەبوو و جەناحبازێکی باش بوو، حەمە نەزیف قادری ، تەیمور مستەفایی و کاوەی بەهرامی. ئەمانە بەدرێژایی مێژووی حیزبایەتیان خەریکی باندبازی و یارگیری بوون بۆ بەهیزکردنی پێگەی خۆیان.
کاک مستەفا هیجری ئەوە چەند ساڵە سکرتێرە نەیتوانیوە پێگەو شوێنی کارکردنی هیچکام لەم چوارکەسە بگۆڕێ و کەسانی دی پەروەردە بکات کە شوێنی ئەمانە بگرنەوە، هەر بۆیە کارنامەی کاری ئەم چوار کەسە کارنامەی کاری کاک مستەفا هیجرییەو کاک مستەفا نەیتوانیوە سکرتێرێکی سەرکەوتووبێت، واباشترە کە جێگەی خۆی بدا بە کەسێکی دیکە بۆ ئەوەی وتەیەکی نوێ ببیسین لە حیزبی دیموکرات.
کە کۆنگرەی ۱۳ کۆتایی هات شاهۆ حسەینی کە لە ئاڵمان خەریکی ژیانی ئاسایی خۆی بوو کردییە هەمە کارەی دەرەوەی وڵات و لە پاریس جێگیربوو. شاهۆ حسەینی لەم ماویەدا کە لە پاریس بووە کۆمەڵی کاری کرد کە زەربەی دا لە پێگەی ستراتیژو ناوبانگی حیزبی دیموکرات، بۆ نموونە چاوپێکەوتنی کاک مستەفا لە گەڵ پان ئێرانیستەکان کە یەکێکە لە پارتە شوینیستە فارسەکان و قەت ئامادە نین دان بە مافی کورددا بنێن چ بگا بەوەی کە کورد وەک نەتەوە چاو لێبکەن. چاوپێکەوتنی رەزاشا کوڕی حەمە رەزاشا کە ئەویش ئەگەر لە پان ئێرانیستەکان خراپتر نەبێت باشترنیە، هەروەها چاوپێکەوتن و نامە نووسین بۆ عەلی رەزا نەزمی ئەفشار کە تورکێکی فاشیستە و مەهابادیش بە خاکی ئازەرییەکان دەزانێ. شاهۆ حسەینی بەدرێژایی ئەو هەموو ساڵە کە لە پێوەندییەکاندا بووە یەک وتاری لە رۆژنامەیەکی ئەروپاییدا نەنوسیوە ، رۆژنامەی لومۆند کە بەناوبانگترین رۆژنامەیە لە ئەورووپا ئەگەر تاکسیەک بگرێ بە ۵ دەقە دەگاتە ئۆفیسەکەی، نەمانبینی وتارێکی ئەو بڵاوبکاتەوە لەسەر سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی رووبە بۆ کۆمەڵگەی ئەورووپی. لە ئەورووپادا نوێنەر دەبێ زمان بزانێ و زمانزان بێ بۆ ئەوەی بتوانێ بە شێوەیەکی باش تێکەڵ بێ لە گەڵ لایەنی بەرانبەرداو پێوەندی دروست بکات.
کاتێک لە کوردستان بووم رەخنەم دەگرت و دەمگوت گەندەڵی زۆرە و هیچ چالاکییەکیشمان نیە کە هاتمە ئەورووپا زانیم بەڕاستی پێوەندییەکان لەم ئەورووپایەدا زۆر کۆڵەوارە و هیچ کارێکی بۆ نەکراوە. نوێنەرانی ئەورووپا کاتێک لە گەڵ پارلمانتارێکدا دادەنیشتن و کافەیەکیان دەخواردەوە وێنەیەکیان دەگرت و دەیانناردەوە کە ئەنەهوو باسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی کوردیان کردووە، لێرە تەنیا شتێک کە ئاسان بێت و هیچ خەرجی تێ نەچێت دیتنی ئەندام پاڕلمانە، هەموو کەس دەتوانێ بچێ بڵێ دەمهەوێ فلان کەس ببینم. تەنیا کارێک کە کرابێ بوون بە ئەندامی رێکخراوی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان بووە. حدک کە لە حدکا جیابوویەوە زۆر سەرکەوتووتر بووە لە حدکا، هەر بۆ نموونە ئەنتەرناسیوناڵی سوسیالیست کە ئەگەر حدکا بیتوانیایە قەت نەیدەهێشت حدک ببێتە ئەندام لەوێ.
کە تیشک دامەزرا خەڵکێکی زۆر کە ئەندامی حدکا نەبوو دڵیان خۆش بوو بە دامەزراندنی تیشک، بەڵام بە هۆی نەبوونی مودیرێکی باشەوە ئەو هەموو پارەیەی تێدا خەرچ کرا و حدکای خستە سەر ساجی عەلی و پارەی لە گیرفاندا نەما. هیچ مرۆڤێکی سیاسی و عاقڵمەند نایەت بۆ هەر دەقەیەک ۳ دۆلار بدات کە دەنگ و دیمەنی بۆ بڵاو بکاتەوە، کۆمەڵێ کەسی تێدابوو کە هیچ شارەزاییەکیان نەبوو لە دنیای راگەیاندان.
حەمە نەزیف قادری بەرپرسایەتی پێوەندییەکانی حدکای لە ئەستۆیە ، ئەم کابرایە تەلەفونێکی بەدەستەوەیەو هەر خەریکی کاری بازرگانی خۆیەتی. ئەم کابرایە ئەوەندە بێتوانایە کە وایلێهاتووە قائم مقامێک بڕیاری هێرش دەدات بۆ ناو ژن و منداڵەکانی حدکا. حەمە نەزیف قادری یەک کاری باشی کردووە ئەویش لای کاک مستەفای گرتووە کە ئەگەر کەسێک لە ئەندامانی حدکا بیهەوێ دژایەتی باندە چوار کۆچکەکەیان بکات نەهێڵێ کاک مستەفا ببینێت و دەنگی پێی نەگات هەرچەند کاک مستەفاش خۆی ئەوەی ده‌ویست.
زۆر کەس دەڵێن ئەو هەموو سەرمایەی لە کوێ بووە نازانن ئەو کات کە بەرپرسی پێوەندییەکانی بەغدا بوو بۆ بەڕێ کردنی ئەو بنەماڵانەی رومادێ کە لە لایەن یوئینەوە بەڕی دەکران بۆ ولاتانی رۆژئاوایی ۵۰۰ دولاری لە هەر بنەماڵەیەک وەردەگرت بۆ خۆی(ئەمە کەسیک بۆی گێڕامەوە کە خۆی لە روومادێ ژیاوە)
تەشکیلاتی حدکا لەو پەڕی خراپی دایە، چەندین ساڵە تەیمووری مستەفایی لە تەشکیلاتی نهێنی دایە تا ئێستاش نەیتوانیوە تەشکیلاتێکی رێکوپێک رێکبخات کە ببێ بە سەرمایە بۆ حیزبی دیموکرات. چەندین ساڵە مانگرتن دووپات دەکاتەوە لە ساڵرۆژی شەهید بوونی دوکتور قاسملوودا کە زۆر بە کەمی پێشوازی لێکراوە. پێشتر کە دەستڕاگەیشتن بە ئینترنێت کەم بوو ئەگەر کەسێک بیوتایە خەڵک پێشوازی نەکردووە لەم هەنگاوە بە جورمی پێوەندی لە گەڵ کۆماری ئیسلامی دەردەکرا ، دەچوو تەشکیلاتی دەنارد لە ساعەت ۲ی پاشنوەڕۆدا کە واباوە خەڵک دوکان و بازار دادەخەن و دەچنەوە بۆ ماڵەوە وێنەیان دەگرت و بڵاویان دەکردەوە دەیاگوت خەڵک بە پیری بانگەوازەکەمانەوە هاتوون کە جگە لە درۆیەکی شاخدار هیچی دیکە نەبوو.
لە بیرمە چەند پێشمەرگەیەکی سەقز چووبوونەوە کەتبوونە کەمینەوە و هەرچواریان شەهیدببوون دوای ۲رۆژیشش هەرنەیدەتوانی هەواڵێک بزانێ کە ئەم پێشمەرگانە شەهید بوون یان نا بە قەولی خۆی بەو هەموو تۆڕە بەربڵاوەی تەشکیلاتەوە کە رێکی خستووە. دەتوانم بڵێم ۹۰ لەسەدی کوردی رۆژهەلات دژبەری کۆماری ئیسلامیە بەڵام بە هەموو حیزبەکانەوەش نەیانتوانیوە ۴۰ لەسەدی ئەو خەڵکە ریکبخەن. ساڵی پێشوو دوای ئەو بەرخۆدانەی کۆساڵان شەهید کاوەو شەهید سەرکەوت ۱۰ رۆژ بەو شاخەوە بوون نەیتوانی ئەو تەشکیلاتانەی کە ئەو پەروەردەی کردوون بیانێرێ لە ریگایەکی ئەمینەوە نەجاتیان بدات.
لەدوای کۆنگرەی ۱۳ی حیزبی دیموکراتەوە ئەرکی کاوەی بەهرامی یەک شت بووە ئەویش نەقڵکردن و دەرپەڕاندنی و دەرکردنی ئەو کەسانەی کە دژایەتی خۆیان دەربڕییوە لەگەل تیمی چوار کۆچکە. جارێک سەردانی ئەندامێکی رێبەریم کرد بۆ ئەوەی بچمە ئۆرگانەکەی ئەوەوە بۆ بەیانی کاوەی بەهرامی بانگی کردم وتی تۆ دژبەریت و خەریکی جەناح دامەزراندنی، لە ماوەی تەمەنی پێشمەرگایەتی و ئەندام بوونی حدکادا من و ئەو ئەندام رێبەرییە تەنیا ئەو جارە لە نزیکەوە یەکترمان بینیووە ئەویش نیو ساعەتی نەخایاند. ئاستی تێگەیشتووی ئەم پیاوە لە ئاستێکدا نیە کە ببێتە ئەندامی رێبەری حیزبی دیموکرات تەنیا دەتوانێ وەک فەرماندەیەک یان کادرێکی نیزامی کاربکات دەنا شتیکی زۆری لەدەست نایەت.
برادەرێک بۆی گێڕامەوە وتی ۳ کەس بووین دانیشتبووین کاک کاوەی بەهرامی هات بۆلامان و کتێبێکی بەدەستەوە بوو، وتی هاوڕێیان دەمهەوێ فێری ئینگلیسی بم و ئەم کتێبەم هێناوە و هیچی لێ تێناگەم وتی کە سەیرمان کرد کتێبەکە رووسی بوو بە ریزمانی رووسی نووسرابوو.
کاک مستەفا لەماوەی ئەم هەموو ساڵەدا نەیتوانیوە بەسەر ئەم چوار کۆچکەدا زاڵ ببێت و کەسانی دیکە پێبگەیەنێ کە جێگەی ئەمانەی بۆ بگرنەوە، لەبیرمە دوای ئینشعاب کۆنگرە کەگیرا لە بەرانبەر ئەو هەموو پڕوپاگەندەیەدا کە حدک دەیکردە سەر حدکا هاتن کەریم پەرویزییان کرد بە دەفتەری سیاسی و یەکسەر چوون کومیسیۆنی چاوەدێریان بۆ دامەزراند کە بۆ ئەوەی لەگەڵ بەدەنەدا زۆر تێکەڵ نەبێت و ببێتە مەترسی بۆ جێگەو پێگەیان. کەریم پەرویزی دەخوێنێتەوە و خۆیشی تا ئاستێک پێگەیاندووە بەڵام نەیانهێشتووە زۆر سەر دەربێنێ دەنا دەیتوانێ جێگرەوەیەکی باش بێت بۆ ئەمانە.
  خاڵێک کە حدکا لە حدک جیادەکاتەوە توندبوونی بەرانبەر بە کۆماری ئیسلامیە. حدک زوو ئەمەی هەست پێکرد کە هەر زوو کەوتە خۆی و وایانکرد لە خالد عەزیزی بەبێ دەنگی بکشێتەوە و وازبێنێ.
کاک مستەفا دەتوانێ وازبێنێت لە پۆستی سکرتێری بۆ ئەوەی گوێ بیستی دەنگێکی جیاواز و رەنگێکی جیاوازببینین، دەتوانێ لە پشتی پەردەوە رێنوێنی بدات . تاکوو کاک مستەفا سکرتێر بێت حیزبی دیموکرات یەکگرتنەوە بە خۆیەوە نابینێ، چونکە مامۆستا لەدژی ئەوو ئەو کۆچکە چوارکەسیەی ئەو ئینشعابی کرد.۵۰ لەسەدی ئینشعاب لە لایەن ئەو کۆچکە چوارکەسییەوە بوو ۵۰ لەسەدیشی لە لایەن حدکەوە بوو.
هەوڵ دەدەم لە دەرفەتێکی دیکەدا لە سەر راسان بنوسم کە ئەگەر بەم تاکتیکەی ئێستا بەڕێوەبچی بە هیچ جێگایەک ناگات، ئەو دەنگدانەوەیەش کە هەیبوو لەبەر ژمارەی قوربانییەکانی بووە ، لەگەڵ ریزم بۆ هەموو ئەو شەهیدانە کە چەند کەسیشیان لە نزیکەوە دەناسم و دۆستی نزیکم بوون.
سه‌رکه‌وت به‌هرامی

Be the first to comment

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .