داواکاریه‌ک بۆ حیزبه‌ که‌مپ‌نشینه‌کان

  شارۆمه‌ندێکی سه‌قزی به‌ره‌و ڕووی حیزبه‌ که‌مپ نشینه‌کان که‌ ئه‌م ماوه‌ له‌ سه‌ر مانگرتنی خه‌ڵکی بانه‌،ئه‌یانه‌وێت له‌ ئاوی لێڵ ماسی بگرن، نامه‌یه‌کی سه‌ر ئاوه‌ڵا بڵاو ده‌کاته‌وه.
ده‌قی نامه‌که‌:
 “تکایه به‌ڕێزان پێموابێت گه‌ر له کارووباری مانگرتن و هێندێ داخوازی ئابووری و مه‌ده‌نی خه‌ڵک‌دا به‌یاننامه ده‌رنه‌که‌ن و ده‌نگ نه‌که‌ن،خه‌ڵک زووتر و چاکتر به داخوازیه‌کانیان بگه‌ن.ئێوه له دووره‌وه دانیشتوون و ده‌تانهه‌وێت به بێسیم مه‌یدانه‌که کونترووڵ بکه‌ن به‌ڵام به‌م جۆره‌ نابێت.ده‌بێت بگوترێ که‌ حێزبه‌کان له زۆر بواردا نه‌قشی پێشڕه‌و بوونیان له ده‌ست داوه و بوونه‌ته پاشکۆی کۆمه‌ڵگا.به جێگای ئه‌وه زه‌مینه بۆ هه‌ڵچوونی شوڕشگێڕانه درووست بکه‌ن،دانیشتوون و به ته‌مای هه‌ڵچوونی شوڕشگێڕانه‌ن له لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه و دواییش ده‌ستی به سه‌ردا بگرن که وانابێت!!حیزبی پێشڕه‌و ده‌بێت پێش له خه‌ڵک بێت و به‌رنامه و پلانی هه‌بێت و خه‌ڵک هان بدات بۆ ئه‌ستاندنی مافه‌کانیان نه‌ک کاتێ خه‌ڵک تێکۆشانێکی هه‌بوو ئه‌ویش ده‌ست بکات به پروپاگه‌نده.
  به‌ڕێزان ئێوه له خه‌ڵک و کۆمه‌ڵگا دابڕاون،به وته‌ی بیرمه‌ندێ مه‌زن،پێویستی حێزب و ڕێکخراو به کۆمه‌ڵگا وه‌کوو پێویستی ماسیه به ئاو،به‌ڵام ئێوه چه‌ن ساڵه له ئاو دابڕاون.ڕووناکبیران و خه‌باتگێڕانی ناوخۆ کاری خۆیان ده‌که‌ن گه‌ر ئێوه لێیان گه‌ڕن و به‌رچه‌سپیان لێ نه‌ده‌ن بۆ قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی خۆتان.ئێوه چه‌ن ساڵه هه‌ر خه‌ریکی دووبه‌ره‌کی نانه‌وه و لێکترازانی خه‌ڵکن،هیچ کامه‌تان ئه‌وی‌ترتان قه‌بووڵ ناکات و ته‌نیا خۆی به ڕه‌وا ده‌زانێت،ئێوه‌ خه‌ڵکیشتان تووشی چه‌ن به‌ره‌کی و نائومیدی کردووه.ئێستا هیچتان له به‌رده‌ست نیه واده‌که‌ن سبه‌ی گه‌ر بێنه‌وه به‌م هه‌موو ناکۆکی و دژایه‌تیه‌وه چی له ڕۆژهه‌ڵات و خه‌ڵک ده‌که‌ن تکایه به خۆتاندا بچنه‌وه و بیر له قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵک بکه‌نه‌وه.ئه‌وه‌نده‌ی خه‌ریکی به‌رنامه داڕشتن دژی یه‌کترن ئه‌رکی خۆتان له بیر کردووه.بۆ هه‌ر ڕووداوێکی ناخۆش دوای چه‌ن ڕۆژ به خه‌به‌ر دێن و بۆ نیشان‌ دانی خۆتان به‌یاننامه‌یه‌ک ده‌ر ده‌که‌ن ئێتر ته‌واو،و له‌ ڕاستی‌دا ئه‌ویش هیچ ڕۆڵ و کارێگه‌ریه‌کی نیه بێجگه‌ ئه‌وه‌ی که خه‌ڵک دووچاری سه‌رلێشێواوی ده‌که‌ن.
  تکایه‌ ئیتر واز له‌م خه‌ڵکه‌ بێنن و له‌ خۆڕا و له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی خۆتان کوڕ و کچی خه‌ڵکی ئاواره‌ و سه‌ر لێشێواو مه‌که‌ن.”
( شارۆمه‌ندێک له سه‌قز)

Be the first to comment

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .