ئایا کونگره‌ ئه‌توانێت کێشه‌کانی حیزب چاره‌سه‌ر بکات؟

 یه‌کێک له‌ کادره‌ به‌ ئه‌زموونه‌کانی حیزب که‌ له‌ ئه‌ورووپا ئه‌ژیت،بابه‌تێکی سه‌باره‌ت به‌ کونگره‌ی 16ی حیزبی دیموکرات بۆمان ناردووه‌ که‌ لێره‌دا ده‌قاوده‌ق پێشکه‌شتانی ده‌که‌ین.

(بە پێی ئەساسنامەی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان، ئەو ساڵ ساڵی گرتنی کۆنگرەیە. گرتنی ئەم کۆنگرەیە دەبیتە ١٦هەمین کۆنگرەی لایەنێک لە حیزبی دێموکرات کوردستان کە ماوەی ٧٠ سالە بۆ ئازادی گەلەکەی تێدەکۆشێ. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئایا لەم هەلو مەرجە ناسکەدا و لەو کاتەدا کە حیزب خۆی لە دوو بەشدا دەبینێتەوە، گرتنی کۆنگرە دەتۆانی بەشێک لەو چاوەڕوانییانەی خەڵک و ئەندامان وەدی بێنێ و بە دروشم و تاکتیکی نۆی کۆتایی بە قەیرانەکانی نێوخۆیی و لە هەموان گرینگتر رێگاچارەیەک بۆ کۆتایهینان بە دیاردەی دوو دێموکراتی بێنێ؟ ئایا بڕیارنامە و پەسەندکراوەکانی کۆنگرە نابنە کۆسپ و تەگەرییەکی نۆێ لەسەر حەولەکانی دڵسۆزان و لایەنگران بۆ یەکگرتنەوە لە داهاتوودا؟

بەهۆی ئەم ٥ خاڵانەی خوارەوە گرتنی کۆنگرە لەم کات و ساتەدا هەنگاوێکی دروست نییە:.

١_ ئاڵۆگور لە شێوازی خەبات و تێکۆشانیان

٢_ قەیرانی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان

٣_ کۆچی بەشێکی بەرچاو لە کادر و پێشمەرگەکان بەرەو هەندەران

٤_ گرتنی کۆنگرە و قەیرانی سکرتێری گشتی

٥_ کۆنگری هاوبەش و قورسایی دێموکراتێکی یەکگرتوو لە کێشەکاندا

_ ئایا کۆنگرە دەتوانی ئاڵوگۆڕ لە شێوازی خەبات و تێکۆشان و دروشم و ساختاری حیزبدا پێک بێنێ؟

شێوازی خەباتی ئێمە شێوازێکی سوننەتی و چەقبەستوویە کە کاریگه‌ری لەسەر رووداوەکان نێوخۆ و دەوروبەری کز و لاوازە. حیزب لەباری دروشمەوە داهێنەرە، بەڵام لە کردەوەدا توانای پراکتیزەکردنیانی نییە. دروشمەکانی ” رێکخراو چەکی هەرە گرینگی ئێمەیە”. “سەربەخۆیی بڕیاردان لە گرەوەی سەربەخۆیی ماڵی دایە”. ” تەنیا دۆستی ئیمە چیاکانن”. “پێشمەرگە باسکی بەهێزی گەلە”…. دەگەڵ هێندێک دروشمی ستراتیژی دیکە بە تایبەتی دروشمی رووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دروشمگەلێکن کە حیزب نەیتوانیوە لە کردەوەدا نەهادینەیان بکات و زیاتر وەک دروشمێکی سومبولیک کەڵکیان لێ وەرگیراوە، هەربۆیە وەزعی رێکخراوەکانمان بەرەو پەسیوبوون دەڕۆن، باری ماڵی حیزب سیفرە. ئێستا حیزبی دێموکرات گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ چیاکان و وێدەچی خۆی بۆ خەباتێکی بنەڕەتی ئامادە نەکردبێت. کاتێک پێشمەرگەکان دەگه‌ڕێنەوە بۆ قوڵایی ناوچەکان، بە جێی ئەوەی تێبکۆشن بە هاوکاری تەشکیلاتی نێوخۆیی مکانیزمەکانی مانەوەیان لەنێو خۆی وڵاتدا ئامادە بکەن، خێرا دەگەڕێنەوە ئەم دیوی سنوورەکان. لە باری دیپڵۆماسیشەوە وێڕای بوونی هەزارانن کەس لە وڵاتانی ئوروپایی و ئەمریکا و … وێڕایی بوونی بنکە و بارەگای کۆنسوڵی وڵاتان لە نیزیک بنکەکانی حیزب، حیزب نەیتوانیوە دیپڵۆماسییەکی وڵامدەری هەبێت. دۆستانی خاوەن نەزرەی حیزب تەنیا ئەو کەسانەی سەردەمی د قاسملون کە ئەوانیش وردە وردە لە دەستەڵاتدا نەماون و یا پەککەوتوو بوون و یا لە ژیاندا نەماون. گرتنی کۆنگرە چەندە دەتوانێ ئەم کەموکوڕییانە چارەسەر بکات؟

-قەیرانی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان. بە پێی ئاماژەکانی حدک، ماوەی ٤ ساڵە بە نهێنی و بە ئاشکرا دەگەڵ لایەنەکەی دیکەی دێموکرات بۆ چارەسەرکردنی دیاردەی دوو لایەنی دێموکرات لە وتووێژ و دانیشتن دان،بۆ ئەم مەبەستەش چەندین جار چاوپێکەوتنی دوو قۆڵییان لە سەرکردایەتی یەکتردا هەبووه‌، بەڵام تا ئێستا ئاکامێکی ئەوتۆی لێ نەکەوتووه‌تەوە. ئێستا ئەگەر حدک لەم هەلومەرجەدا کۆنگرەی خۆی بگرێ، بێشک وێڕای ڵاوازکردنی ئەم هەوڵ و تێکۆشانە خێرخوازانە، مەودای هەوڵەکان بۆ لێکنیزیکبوونە لە داهاتوودا زیاتر دەکات و ئاسۆی یەکبوونەوەی ریزەکانی حیزب بەرەو لیڵی و تاریکێکی نادیار دەبات. جگە لەوەش،گرتنی کۆنگرە دروشم و تاکتیکی نۆی بە دوای خۆیدا دێنێ و خۆیندنەوەیەکی نۆیش بۆ ئاڵوگۆڕەکان ناوچە و جیهانی دەکات. پاش کۆتایهاتنی کۆنگرە، کۆمیتەی ناوەندی و ئەندامان و ئۆرگانەکانی حیزب ناچارن ملکەچی ئەم بڕیارانە بن و بۆ پێشبردنی ئەم بڕیارانه‌ تێبکۆشن. هەربۆیە ئەگەر بە دوای کۆنگرەشدا دیسان هەوڵەکان بۆ لێکنیزیکبوونەوەی ئەم دوو لایەنە بکرێ، ئەم بڕیارە نوێیانە کاراییان لەسەر رەوتی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان لە داهاتوودا دەبێت. ئەوەش سەرەتای خوڵقاندنی قەیرانێکی نەخوازڕاوی دیکە دەبێ بۆ حیزبی دێموکرات. هەربۆیە کۆنگرەیەکی هاوبەش بگرێ باشترە.

_ ئایا گرتنی کۆنگرە لە کاتێکدا بەشێکی بەرچاو لە کادر و پێشمەرگەکان بەرەو هەندەران کۆچییان کردووه‌ گرفتەکان چارەسەر دەکات؟

هەروەک دەزانین ئەو کۆڕەوەی دوو مانگ لەمەوپێش لە خەڵکی سوریە و باکووری ئەفریقا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین بەرەو ئوروپا کاریگه‌ری لەسەر هێزە سیاسییه‌کان و حیزب و لایەنەکانی دیکەش دانا و بەشێکی زۆر لە کادر و پێشمەرگەکان ئەم هێزانە، یەک لەوان حدک و حدکا بەرو هەندەران کۆچیان کردووه‌. ئەوەش تواناکانی حیزبی بەرەو لاوازی بردووه‌. جگە لەوەش لەو شەرایتەدا حیزبی دێموکرات پێشمەرگەکانی لە خاڵی سیفری سەر سنوورەکان جێگیر کردووه‌ و کەم و زۆر کار و چالاکی لە قوڵایی ناوچەکەدا هەبووە و هەیە.بڵێی کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی لەباری ئەمنییەوە نەبنە مه‌ترسی بۆ سەر حیزب و کۆنگرە و بنکەکانی؟

ئایا لەو کاتەدا بە خوێندنەوەی ئەم وەزعە ئاڵۆزانەی ناوچە و هەریمی کوردستان، گرتنی کۆنگرە پێویستە کە گیانی کادر و پێشمەرگەکانی بۆ بخەیە مه‌ترسییەوە؟

 گرتنی کۆنگرە و قەیرانی سکرتێری گشتی!

خاڵێکی دیکە کە جێگای ئاماژەکردنە، هەڵبژاردنەوەی دووبارەی سکرتێری گشتی حیزبە. بە پێی ئەساسنامەی حیزب، سکرتێر ناتوانێ لە دوو دەورە زیاتر ببێتەوە سکرتێری گشتی حیزب،بە پێی ئەم بڕیاڕە، لەم کۆنگریەدا کاک “خالید عەزیزی” ناتوانێ بۆ جارێکی دیکە خۆی بۆ ئەم پۆستە کاندید بکاتەوە مەگەر کۆنگر وەک بەرزترین ئۆرگان خاڵی پەیوەندیدار بە سکرتێر بگۆڕێ. ئەگەر لەم دەورەیەدا کێشەی سکرتێر چارەسەر نەکرێ، بێشک قەیرانێکی دیکە بەسەر قەیرانەکانی دیکەی حیزب زیاد دەبێت. کاک “خالید” وەک رێبەرێکی نۆی و ئه‌کادیمی و گەنج، بەدوور لە تێوەگلانی لایەنەکانی نێو حیزب، تا رادەیەکی باش حیزبی ئیدارە کردوو،بەڕێزیان لەنێو کۆمەڵانی خەڵکدا و بەتایبەتی تۆیژی گەنجان و خوێندەواری نێوخۆدا لایەنگری زۆرە و خۆشفکر و حەراف و شارەزا بەسەر سیاسەتەکانی حیزب و پەیوەندییه‌ نێونەتەوەییه‌کاندایە و لە هەمانکاتدا کەم و زۆریش پەیوەندی له‌ گەل کەسانی دڵسۆز و خۆشناوی نێوخۆی وڵاتدا هەیە،بە جۆرێکیش پەیوەندی له‌ گەڵ تاران بۆ خستنەوە کێشەی کورد بۆ نێو بازنەی گەمە سیاسییەکاندا پێک هێناوە،لە هەمووان گرینگتر له‌ گەڵ لایەنی حدکا پەیوەندییەکانی عادی کردووه‌تەوە،لایەنی حدکاش بۆ کۆتایهێنان بە گرژییەکان و دیاردەی دوو دێموکرات، زیاتر ئامادن له‌ گەڵ کەسێکی وەک کاک “خالید” کە کەمتر هەڵگری ناکۆکی و پاکانە حیسابەکانی پێشووتری نێو رێبەرایەتی حیزبە، بگەنە ئامانج، نەک له‌ گەڵ کەسانی دیکە کە ددانیان لێک سپی بۆتەوە. ئێستا ئەگەر کەسایەتێکی دیکە ئەم پۆستە وەربگرێ، زۆر زەحمەتە توانای مانوڕدان و درێژەدان بەو سیاسەتەی هەبێت! جگە لەوەش ئەگەر ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی نوێ دەنگ نەهێننەوە، بێشک مەجالیان بۆ دەڕه‌خسێ کە بەرەو هەندەران بە بیانووی گەیشتن بە بنەماڵەکانیان کۆچ بکەن، ئەوەش خەسارێکی دیکەیە بۆ حیزب کە رەنگە کۆنگرە بەدوای خۆیدا بیهێنێ، هەربۆیە گرتنی کۆنگرە وێدەچێ زیانەکانی زیاتر بێت تا قازانجەکانی

Be the first to comment

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .