باسێک له‌ سه‌ر دوایین وتووێژی خالید عه‌زیزی له‌ گه‌ڵ ڕووداو

ڕێکه‌وتی 24/10/1394 خالید عه‌زیزی له‌ وتووێژێکدا له‌ گه‌ڵ که‌ناڵی هه‌رێمی کوردستان (ڕووداو) که‌م ئه‌م ڕۆژانه‌ به‌ جێگای تیشک و که‌م و کۆڕیه‌کانی کورد کاناڵی بووه‌ به‌ تریبوونی ئه‌حزابی که‌مپ نشین،هه‌ڵوێستی ئه‌م حیزبه‌ی له‌ به‌رانبه‌ر ڕووداوه‌کانی ئێران و به‌ تایبه‌ت هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مان و خوبره‌گان،ڕاگه‌یاند.
هه‌ڵوێستێک که‌ هه‌م کاردانه‌وه‌ی زۆری حیزبه‌کانی دیکه‌ی به‌ دواوه‌ بوو و هه‌م به‌ جورێک باسێکی نوێ یه‌ له‌ نێوان هه‌ڵوێستی تکراری ئه‌حزابی کوردی باکووری ئێراق.
له‌وانه‌یه‌ که‌ له‌ به‌رانبه‌ر هه‌ڵوێستی حیزبه‌کانی دیکه‌ بتوانین هه‌ڵوێستێکی عاقڵانه‌ که‌ به‌رهه‌می ڕوانینێکی ئاوه‌ڵاتر و ڕۆشنبیرانه‌تره له‌ به‌رانبه‌ر ڕووداوه‌کانی نێو خۆی وڵات‌،باسی لێوه‌ بکه‌ین که‌ بنه‌مای ئۆمێد له‌ نێو دڵی لایه‌نگران دا زیندوو ده‌کاته‌وه‌.له‌ ڕاستی دا ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ له‌ گه‌ڵ کرداری ساڵی ڕابردووی حیزبدا (حزووری چه‌کدارانه‌ له‌ نێوخۆی وڵات) که‌ باسی ئه‌م ڕۆژانه‌ی که‌سێک وه‌کوو مسته‌فا مه‌ولوودیه‌،زۆر نایێته‌وه‌ به‌ڵام له‌ مێشک و قسه‌ی که‌سێک وه‌کوو سکرتێری ئه‌و حیزبه‌ که‌ به‌رزترین بڕیارده‌ره‌‌ کراوه‌.
خالید عه‌زیزی له‌م وتووێژه‌دا چه‌ن خاڵی گرینگی باس کرد:
1.له‌ کوردستانی ئێران دا هه‌موو که‌س وه‌کوو ئێمه‌ بیر ناکاته‌وه‌،که‌سانی تر جۆرێ تر بیر ئه‌که‌نه‌وه‌،به‌شداری کردن له‌ هه‌ڵبژاردن مافی خه‌ڵکی کوردستانه‌ و خه‌ڵک ده‌بێت بۆ دیفاع کردن له‌ مافی خۆیان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ به‌شداری بکه‌ن و ده‌نگ به‌ نوێنه‌ری خۆیان بده‌ن.
2.به‌ هۆی نه‌بوونی ئێمه‌ له‌و شوێنانه‌ی که‌ دوو نه‌ته‌وه‌ لێی ئه‌ژین له‌وانه‌یه‌ ئاڵووگۆڕی دیموگرافی بێته‌ ئاراوه‌.
3.ده‌بێت ئێمه‌ خه‌ڵک له‌ بێ لایه‌نی بێنینه‌ ده‌رێ و له‌ که‌م ترین هه‌ل بۆ دابین کردنی مافی نه‌ته‌وایه‌تی گه‌لی کورد که‌ڵک وه‌ر گرین.
4.درووست کردنی فراکسیونی کورد له‌ په‌رله‌مانی شه‌شم یه‌کێک له‌ ده‌ستکه‌وته‌ باشه‌کان بووه‌ و ده‌بێت ئه‌م ڕه‌وته‌ درێژه‌ پێ بده‌ین.
5.قبووڵ کردنی داوای حکوومه‌تی ئێران بۆ دانووستان له‌ لایه‌ن حیزبه‌کابنه‌وه‌.
ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ بێ وێنانه‌ له‌ کاتێکدا دێته‌ ئاراوه‌ که‌ که‌متر له‌ مانگێکی تر هه‌ڵبژاردنی کونگره‌ی 16ی حیزب ئه‌کرێت و له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ هه‌ڵبژاردنی مه‌جلیسی ئێران مانگێکی تر به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.
له‌ ڕاستی دا خالید به‌ لێکدانه‌وه‌یه‌کی درووست له‌ به‌رانبه‌ر لایه‌نی حدکا و لایه‌نه‌کانی تری کوردی،گه‌ییشتووه‌ به‌و ڕاستیه‌ که‌ گه‌ییشتن به‌ مافی کوردی ئێران له‌ پشتیوانی کردنی بارزانی،پێوه‌ندی له‌ گه‌ڵ تورکیه‌ و که‌مپ نشینی و بایکوت به‌ دیی نایه‌ت.ده‌بێت بۆ هه‌ر کارێک به‌رنامه‌یان هه‌بێت.
له‌ ڕاستی دا ده‌ست که‌وتی لایه‌نی به‌رانبه‌ر (جناحی هیجری) له‌ بایکوت له‌م قۆناخه‌دا چی بووه‌؟به‌ وته‌ی خالید عه‌زیزی ده‌بێت له‌ که‌مترین هه‌ل که‌ڵک وه‌ر گرن.بێ گومان مه‌سعوود بارزانی بیر له‌ وه‌دی هاتنی مافه‌کانی گه‌لی کورد له‌ ئێران ناکاته‌وه‌،ته‌نانه‌ت بیر له‌ وه‌دی هاتنی مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی کوردی ئێراقیش ناکاته‌وه‌.به‌ ده‌سته‌وه‌دانی شه‌نگال به‌ تورکیه‌ و داعش ئه‌م ڕاستیه‌ ده‌سه‌ڵمێنێت.
ئه‌گه‌ر چوارچێوه‌ی کاریی و ئیستراتژی تێکۆشانی حیزبی دیموکرات وه‌دی هاتنی مافی کوردی ئێرانه‌،ده‌بێت به‌ ئاگاهیی ته‌واو له‌ ڕه‌وشی نێوخۆیی ئێران بچنه‌ پێش.ده‌رکردنی به‌یانییه‌ له‌ که‌مپه‌کانی باشووره‌وه‌ هیچ ده‌ردێکی خه‌ڵکی کورد ده‌رمان ناکات و که‌س بایه‌خی پێ نادات و ئه‌مه‌ سه‌ڵماوه‌ بۆ ئه‌و که‌سانه‌ که‌ ئه‌م به‌یانییه‌ ده‌ر ئه‌که‌ن به‌ڵام به‌ دوای ئامانجگه‌لێکی تره‌وه‌ن که‌ ته‌نیا درووشمی مافی گه‌لی کورد دووپات ئه‌که‌نه‌وه‌.
حیزبی دیموکرات ده‌بێت تێکۆشانێکی نوێ ده‌ست پێ بکات و زانستی سیاسی خۆی بباته‌ سه‌ر و به‌ پێی ئه‌و به‌ستێنه‌ی که‌ له‌ نێوخۆی وڵات هه‌یه‌ سیاسه‌تی خۆی داڕێژێت نه‌ک ئه‌و خه‌ون و خه‌یاڵانه‌ که‌ نازانرێت که‌ی هه‌لوومه‌رجی بێته‌ ئاراوه‌.
ئه‌م تێکۆشانه‌ نوێیه‌ له‌وانیه‌ بتوانێت ئه‌و پێگه‌ و جێگایه‌ی که‌ حیزب له‌ ده‌ستی دا بوو،بۆی بگه‌ڕێنێته‌وه‌ و له‌م جێگا خاڵیه‌ی “حیزب” له‌ نێو کوردستان که‌ڵک وه‌ر بگرێت و بتوانێت وه‌کوو پردێک له‌ نێوان حکوومه‌ت و خه‌ڵک دا جێی خۆی بکاته‌وه‌ و کورد به‌ مافه‌کانی خۆی بگه‌یێنێت.له‌وانه‌یه‌ له‌ مێشکی خالید عه‌زیزی دا ئه‌م بیرۆکانه‌ هه‌بێت،بیرۆکه‌یه‌ک که‌ ئه‌نجامه‌که‌ی ئه‌بێته‌ دانووستان له‌ گه‌ڵ حکوومه‌تی ناوه‌ندیی ئێران،به‌ڵام ترسی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ له‌ کونگره‌ی داهاتووی حیزب دا به‌ جێگای ئه‌م بیرۆکانه‌ی خالید عه‌زیزی،که‌سێک به‌ ناوی مسته‌فا مه‌ولوودی بێته‌ سه‌رکار که‌ به‌ جێگای گرینگی دان به‌ هه‌لوومه‌رجی نێوخۆیی وڵات له‌ بیری تێکۆشانی نیزامی و سیاسه‌تی دواکه‌وتووانه‌ بێت.

Be the first to comment

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .