کێ ڕاست ئەکات؟

  هەر میدیا یان ماڵپەڕێک کە کاری ڕاگەیاندن دەکات دەبێت چەند ئوسولێک لە بەر چاو بگرێت کە لەم چوارچێوەیەدا زۆر پێویستە،یەکەم نابێت هەواڵ و بابەتی درۆ بڵاو بکاتەوە بە تایبەت کە میدیاکە یان ماڵپەڕەکە سەربەخۆ نەبێت و بۆ حیزبێک کار بکات یان لە خزمەت جەریانێک بێت،ئەو کات هەر درۆ یان چەواشەیەک بێت ئەکەوێتە ئەستۆی حیزبەکەی.
  دووهەم ئەوەیکە ئەبێت هەواڵنێر یان سەرچاوەی باوەڕ پێکراوی هەبێت،هەموو ماڵپەڕە هەواڵیەکان بێجگە ئەو بابەت و هەواڵانە کە لە ماڵپەڕ و شوێنی دیاری کراو ئەیهێنن،بۆ خۆیان دەبێت هەواڵنێر یان سەرچاوەیەکیان هەبێت کە بتوانن بە دڵنیایی پشتی پێ ببەستن و وەکوو بەڵگەی جێگای متمانە بیهێننەوە.ئەم دوو خاڵە وەکوو سەرەکی ترین ئوسولی کاری میدیاییە.هەر ماڵپەڕ یان میدیا بۆ خۆیان خوێنەر و بینەر و بیسەریان هەیە و دەبێت ڕێز لە موخاتەبی خۆیان بگرن کە بە لە بەرچاو گرتنی ئەوانە مافی خوێنەرانی خۆیان پاراستووە.
  لەم چەند ڕۆژەی دوایی هەواڵێک لە چەند ماڵپەڕ بڵاو بووەوە کە لە زۆر جێگای سەرنجە،هەواڵەکە ئەمە بووە کە گوایە ئەو تونێلەی کە بۆ گواستنەوەی ئاو بۆ گۆلی ورمێ لە نێوان مەهاباد و پیرانشار چاک بووە،مەبەستێکی تری لە پشتەو هەیە و بۆ کار و باری نیزامی چاک ئەکرێت.ئەوەی کە ئەم هەواڵە ڕاستە یان نا خەڵکی ئەو ناوچە و ئەو هەموو کرێکارە کە لەوێ کار دەکەن دەیزانن و مەبەستی ئێمەش دروست یان نادروست بوونی هەواڵەکە نیە،باسی ئێمە ئەوەیە ئەم هەواڵە لە کوێڕا هاتووە؟سەرچاوەکەی هی کێیە؟
  ماڵپەرە حیزبیەکان کە دیارە خوێنەرێکی واشیان نیە،تەنانەت ڕێز بۆ ئەو چەن کەسە حیزبیەش دانانن کە هەواڵەکانیان چاو لێ دەکەن و هەر جارە بە درۆ و چەواشەیەک فریویان ئەدەن.ئەم هەواڵە لە هەر ماڵپەڕێک بڵاو بووە وتوویانە کە هەواڵنێری تایبەتی ئێمە ئەم لێکۆڵینەوەی کردووە و ئەم هەواڵە نهێنیەی دەست کەوتووە.ئیتر بیر لەوە ناکەنەوە کە خەڵک بە ئاسانی دەزانێت کە هەر هەموویان درۆ ئەدەن و هیچ هەواڵنێر یان کەسێکی تایبەتی لە گوڕێدا نیە و تەنانەت زۆربەی هەواڵەکان لە ویبلاگ و تلگرامە ناوخۆیەکان وەری دەگرن.

Be the first to comment

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .