بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌ روو نادات؟؟!!

ماوەیەکی زۆرە لایەنەکانی دیموکرات بە خەستوخۆڵییەوە باس لەیەکگرتنەوە دەکەن و هەرجارە دەبێژن : هەنگاوی باشمان بڕیوە و زۆر لێکنزیک بووینەتەوە و هێندەی نەماوە و هاکا یەکمانگرتەوە .

کەچی لە کردەوەدا یەک ملیمیتر کاریان بۆ نەکردووە و جگە لە خافڵاندنی خەڵک ، هیچ هەنگاوێکی دەرهەستیان نەهاویشتووە . ئەی کە وایە ، ئەم هەڵاوهۆریایەیان لە چیە ؟ ئەم گەرمکردنەوەی لەناکاوی پرسی یەخبەستووی یەکگرتنەوە لەوێوەیە کە هەردوولا لەبەرامبەر یەکگرتنەوەخوازیی ئەندامانی حیزبی دیموکرات دا ، پاساویان نەماوە . چ پاساوێ ؟! تۆ بڵێی پرسی یەکگرتنەوەی دوولایەنی هاوسەنگەری لێکچووی هاوڕابردوو ، ئاڵۆزتر لە کەیسی بەرنامەی ناوکیی ئیران و گرووپی پێنج زێدە یەک بێ کە گەشتە کۆتایی و ئەگەری هەڵوەشانەوەشی هەیە ؟ نەخێر نە ئاڵۆزە و نەکاتبەر ، بەڵکو ئیرادەی یەکگرتنەوە لەناو رێبەری هەردوولا دا نیە و دۆخی ئێستا بەدڵی ئەوانە و هەر گاڵتەشیان بەوە دێ کە هەندێ کەس دۆخی رۆژهەڵاتی کوردستان بە نەخوازراو و ئاسۆی کورد لەو بەشەدا بە لێڵ دەنرخێنن . ئاخر لای ئەوان ، ئاسۆی روون واتە ئەو کورسییە چێویە پەرتوکاوەی دەشتی کۆیە کە هەرکات ستوونی حەشدی شەعبی لەوێوە دەگوزەرێ ، دەکەوێتە تەکان و شەکان .

زیاد لە ساڵێکە حدک کۆنگرەی گرتوە و کەمتر لە سێ ساڵی ماوە بۆ کۆنگرەی داهاتووی . حدکاش بەگەڵاڵەیەکەوە بەرەو کۆنگرە دەچێ و دەبێ پاش کۆنگرە ، گەڵاڵەکەی تاقی بکاتەوە تا بزانێ چی لێ شین دەبێ . تا حدکا ئەوە دەکات ، حدکیش بەرەو کۆنگرەی نوێی خۆی دەڕوات . هەر بۆیە لانیکەم تا دووساڵی دیکە ، گشت لایەک سەرینی خاترجەمی بخەنە ژێر سەریان و لێیان روون بێ کە یەکگرتنەوە نابینن . پاش ئەوەش ، دۆخەکە دەزانێ کەش و هه‌وای یەکگرتنەوە چی لێدێ . هەر بۆیە لە کورتخایەندا ، یەکگرتنەوە روو نادات و ئەم باسانەی کە ناوبەناو دەیهێننە گۆڕێ ، تەنیا خافڵاندن و خۆڵ لەچاو کردن و کات کوشتن و گەل بێزار کردنە.

لێم روونە لە ناو رێبەریی هیچ لایەک‌دا ، هێزی زاڵی یەکگرتنەوە ، بوونی نیە . کەواتە خێری رێبەری ببەخشنەوە و خۆتان هەنگاوی کردەئی بۆ بهاوێن و خەوە رۆمانتیکەکانیان بشێوێنن و رێگە مەدەن ، گاڵتە بە چارەنووستان بکرێ و بەم خۆڵ لەچاوکردنانەیان بڵێن : ئیدی بەسە ! و تێبگەن خەڵکی رۆژهەڵات دوو دیموکرات قەبووڵ ناکەن.

عیرفان ڕه‌هنمون

Be the first to comment

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .