قه‌واره‌ی نوێی حدکا چۆن ده‌بێت؟

حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) لە ۷۲ ساڵەی تەمەنیدا، بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا ۱۶یەمین کۆنگرەی خۆی ببەستێ. لە کۆنگرەدا گۆڕانکاریی تەواو لە ناو و ناوەڕۆکی ئۆرگانەکانی ئەو حیزبە دەکرێ‌، پێشبینیش دەکرێ‌ بڕیارەکانی کۆنگرە کاریگەرییان لەسەر حدکا  لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەبێ‌.
جگە لە کاروباری ئاسایی، حدکا بە سێ تەوەری سەرەکی بەرەو کۆنگرە دەچێت کە بریتین لە گۆڕانکاری لە شێوازی بەڕێوەبردنی حیزب، بڕیاردان لەسەر پەرەپێدانی چالاکیی پێشمەرگانە و هەروەها یەکخستنەوەی ریزەکانی حیزبی دیموکرات.
مستەفا هیجری، سکرتێری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، پڕۆژەیەکی بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە شێوازی بەڕێوەبردنی ئەو حیزبەدا پێشنیاز کردووە و بڕیارە لە کۆنگرەدا دەنگی لەسەر بدرێت.
پرۆژەکە لە پێشەکییەکەیدا هاتووە “شێوازەکانی رابردوو نەیانتوانیوە کێشە بنەڕەتییەکانی بەڕێوەبردنی ئەو حیزبە چارەسەر بکەن و رۆژ بە رۆژ لاوازبوونی هەستی بەرپرسیارێتی، دەستە و گرووپ پێکهێنان و جێگیربوونی کولتووری دواکەوتووانەی وەک یەکتر شکاندن زیاتر پەرە دەگرێ‌”.
دەفتەری سیاسی نامێنێ‌
بەپێی پڕۆژەکە، ئۆرگانە سەرەکییەکانی حدکا، لەوانەش دەفتەری سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی هەڵدەوەشێنرێنەوە و لە جێگەی ئەوان “دەزگای ناوەندیی سیاسی و سکرتارییەت” دادەمەزرێن. دەزگای ناوەندی سیاسی بڕیار لەسەر سیاسەتی گشتی حیزب دەدات و سکرتارییەتیش دەبێتە ئۆرگانی جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی حیزب. سکرتێر بەرپرسی سکرتارییەت دەبێ و جێگر و راوێژکارانی تێیدا دەبنە ئەندام. جێگرەکان لەلایەن خودی سکرتێرەوە دیاری دەکرێن و هەر یەکێکیان ئۆرگانێکی حیزب بەڕێوەدەبەن. هەروەها دوو دەزگای نوێ‌ بەناوەکانی بازڕەسی (لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە) و هەڵبژاردن پێکدێن.
سکرتێر لە کۆنگرە هەڵدەبژێردرێ‌
لە پڕۆژەکەی هیجریدا، شێوازی هەڵبژاردنی سکرتێر دەگۆڕدرێ و دەسەڵاتەکانیشی زیاتر دەبن. سکرتێر کە پێشتر لەلایەن کۆمیتەی ناوەندی هەڵدەبژێردرا، ئەمجارەیان راستەوخۆ لە کۆنگرە هەڵدەبژێردرێت.
بەڵام پرۆژەکەی هیجری جێی دڵخوازی هەموو بەرپرس و ئەندامانی حدکا نییە،ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی و کادر و پێشمەرگەکانی ئەو حیزبە لەگەڵ پڕۆژەکە نین.
مەجید حەقی، ئەندامی دێرینی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەبارەی پێویستیی گۆڕانکاری لە بەڕێوەبەری حدکا دەڵێت، پێکهاتەی ئێستا بەرهەمی هەلومەرجێکی تایبەت بووە کە سەردەمەکەی بەسەرچووە. پێیوایە              پێکهاتەی ئێستای بەڕێوەبەریی حیزب “قەیران خوڵقێنە و جیابوونەوە بەرهەم دێنێ”. پێشنیازیش دەکات لە کۆنگرەی حدکا بڕیار لەسەر “بەرینترکردنی قووڵایی ستراتژیک” بدرێت و حیزبی دیموکرات لەنێوان سێ چەمکی “کوردستانی ئێران، رۆژهەڵاتی کوردستان، کوردستانی رۆژهەڵات” خۆی یەکلابکاتەوە.
حەقی هەروەها دەڵێت، حدکا دەبێ دروشمی ستراتیژیکی خۆی لە “دابینکردنی مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد لە چوارچێوەی ئێرانێکی فیدراڵ” بگۆڕێت بۆ “دابینکردنی مافی چارەنووسی خەڵکی کوردستان لە ئێرانێکی دیموکراتیکی فیدراڵی فرەنەتەوە”. بەرپرسانی حدکا دەڵێن دەکرێ هەموو ئەو باسانە لەنێو کۆنگرەدا بێنەگۆڕێ‌ و بڕیاریان لەسەر بدرێت.
چالاکیی پێشمەرگە
یەک لە تەوەرە سەرەکییەکانی دیکەی کۆنگرەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، بەهێزکردنی بنکەکانی حیزبی دیموکرات لە ناوچە سنوورییەکان و پەرەپێدانی چالاکیی پێشمەرگانەیان دەبێت لە ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان. بە گوتەی حەسەن شەرەفی، جێگری سکرتێری گشتی حدکا، لە کۆنگرەکەیاندا شیکردنەوە بۆ قۆناغی نوێی چالاکی پێشمەرگانەیان ناسراو بە “راسان” دەکرێت و کاریگەرییەکانی هەڵدەسەنگێنن.
شەرەفی وتی”خواستی کادر و پێشمەرگە و هەروەها چاوەڕوانیی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆنگرەی حدکا ئەوەیە کە تێیدا بڕیار لەسەر بەهێزکردن و بەردەوامیدان بە راسان بدرێت”.
لە کۆنگرەدا باس لە گواستنەوەی بەشێک لە بنکە و بارەگاکانی حدکاش بۆ ناوچە سنوورییەکان دەکرێ.
حدک و حدکا یەکدەگرنەوە؟
لە ساڵی ۲۰۰۶ـەوە کە ریزەکانی حیزبی دیموکرات لێکترازاوە و دوو لایەن حدک و حدکای لێکەوتووەتەوە، هەر کام لە لایەنەکانی دیموکرات لەژێر کاریگەریی بڕیار و پێشهاتەکانی لایەنەکانی دیکەدان. حدک چاوەڕێیە لە کۆنگرەی ۱۶ی حدکادا بڕیارێک بدرێ کە رێگە بە سەرکردایەتی حدکا بدات بە ناوی حیزبی دیموکراتی کوردستان دانوستاندنیان لەگەڵدا بکەن. حدکا ناوی حدک بە “هاوڕێیانی پێشوو” دەهێنێ. حدکیش رایگەیاندووە کە ئامادە نییە بەو ناوە درێژە بە پڕۆسەی دانوستاندنەکان بدات بۆ یەکگرتنەوە.
ئاسۆ حەسەنزادە، گوتەبێژی دەفتەری سیاسیی حدک داوا لە ئەندامانی کۆنگرەی حدکا دەکات “بڕیارێک نەدەن کە ببێتە کۆسپ لەبەردەم رێبەریی داهاتووی حدکا بۆ هەنگاونانی بە کردەوە بۆ یەکخستنەوەی ریزەکانی حیزبی دیموکرات”.
بەگوتەی مەجید حەقی، ئەندامی حدکا، لە کۆنگرەی پێشووی ئەو حیزبەدا کۆمیتەی ناوەندی راسپێردراوە بۆ چارەسەری کێشەکان و یەکگرتنەوە دانوستاندن لەگەڵ حدک بکات، بەڵام ئەوە بڕیارێک نەبوو کە کۆمیتەی ناوەندی ناچار بێ جێبەجێی بکات. دەشڵێت پرسی یەکگرتنەوە پێویستی بە بڕیارێکی سیاسی هەیە. پێشیوایە یەکگرتنەوەی دیموکراتەکان تەنیا بە پێکهێنانی وەفدی دوو لایەن سەرناگرێت و دەبێ بڕیار لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی کارناسانە لە نوێنەرانی هەردوو لایەن بدەن کە شارەزاییان لە بواری رێکخراوەیی و کاری هاوبەش هەبێت.
دوای وازهێنانی خالید عەزیزی لە پۆستی سکرتێری گشتی حدک، ئەو حیزبە وەفدێکی نوێی بۆ دانوستاندن لەگەڵ حدکا پێکهێناوە و جارێک لەگەڵ وەفدی حدکا کۆبوونەتەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا باسی یەکخستنەوەی ریزەکانیان هێشتووەتەوە بۆ دوای کۆنگرەی حدکا.
حەسەن شەرەفی دەڵێت “لە کۆنگرە باسی پەیوەندیی حیزب لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دەکرێت و لەمیانەی باسکردن لە پێویستی یەکڕیزی و یەکگرتوویی باس لە یەکخستنەوەی ریزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەکەن”.
سەبارەت بە چەمکی “هاوڕێیانی پێشوو” کە حدک داوا لە حدکا دەکات چیدی بەکارینەهێنن، شەرەفی دەڵێت “چەمکی هاوڕێیانی پێشوو لە کۆنگرە بڕیاری لەسەر دراوە، هەر ئەندامانی کۆنگرە دەتوانن بڕیار لەسەر لادان یان هێشتنەوەی بدەن”.

Be the first to comment

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .