فەرماندەیەکی بێ ژیاننامە

بە بەهێزترین فەرماندەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەقەڵەم دەدرێ، یەک لەو دەگمەن کەسانەیە کە دەتوانێ بەبێ پاسپۆرت و ڤیزا و تەنیا بە پشتگیریی میلیشیا شیعەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە لاندکروزەرێک لە تارانەوە هەتا کەنارەکانی دەریای سپی تەی بکات، بەبێ ئەوەی پێویستی بە پاسەوانی ئێرانی بێ. لە ناوەندە سەربازی و سیاسییەکانی ئێراندا بە “حاج قاسم” ناسراوە و ئەستێرەی بەختی هاوتەریب لەگەڵ فراوانبوونی نفووزی ئێران لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەڵکشا.

فەرماندەیەکی بێ ژیاننامە

قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێران، چەندە بەناوبانگە، ئەوەندەش زانیاری لەسەر خۆی و ژیانی کەمە، لەبەر ئەوەی بڕوای بە دەرکەوتن و دیمانەی میدیایی نییە. دەیڤید پاتریکاراکۆس، نووسەر لەبواری بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، ساڵانێکی زۆر هەوڵی چاوپێکەوتن لەگەڵ سولەیمانی دابوو، وەک خۆی بە ماڵپەڕی (دەیلی بیست)ی ئەمریکی گوتبوو: “ئەگەر خامنەیی و قاسم سولەیمانییان بۆ پێشنیاز کردبام بۆ چاوپێکەوتن، سولەیمانیم هەڵدەبژارد، بەڵام ئەو بە روونی و بەخێرایی وەڵامی داواکەمی دایەوە: ئەو شتە لە مێشکت دەرکە”.

فەرماندە ئێرانییەکە لە کۆبوونەوە فەرمییەکانیشدا کەمدووە. بەرپرسێکی پێشووی حکومەتی عێراق بە گۆڤاری (نیویۆرکەر)ی ئەمریکی گوتووە :”۱۰ کەس لە ژوورەکە دانیشتوون، بەڵام کاتێک سولەیمانی دێتە ژوورەوە، لەگەڵت دانانیشێ، بەڵکو لەوپەڕی ژوورەکە لە گۆشەیەک بەتەنیا و بەبێدەنگی دادەنیشێ. قسە ناکات، تێبینی نادات، تەنیا دادەنیشێ و گوێ دەگرێ، بەڵام بێگومان هەموو کەسانی ناو ژوورەکە بیریان لای ئەوە”.

جیا لەمە، ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش نایانەوێ زانیاری لەسەر ئاشکرا بکەن. بەرپرسێکی باشووری کوردستان کاتێک لە ۲۰۱۳ لەلایەن گۆڤارە ئەمریکییەکەوە پرسیاری قاسم سولەیمانی لێدەکرێ، یەکسەر دەڵێ: “نامەوێ بەشێک بم لەمە”. بەرپرسێکی پێشووی مۆسادیش پاش وەستانێک بە تەوسەوە دەڵێ: “هاوڕێیەکی زۆر باشی منە”.

سولەیمانی، تەمەن ۶۱ ساڵ، لە گوندی قەناتی مالیک لە پارێزگای کرمان لە باشووری رۆژئاوای ئێران لە دایک بووە کە تەنیا چەند کاژێرێک لە سنووری پاکستان و ئەفغانستانەوە دوورە. پێکهاتەی کۆمەڵایەتی عەشایەری لە پارێزگای کرمان بەهێزە. عەلی ئەلفونێ، لێکۆڵەر لە پەیمانگەی ئینتەرپرایزی ئەمریکی پێیوایە ئەم تایبەتمەندییە عەشایرییەی ناوچەکە ئەوی ئامادە کردووە بۆ ئەوەی “لە کۆمەڵگا عەشایەرییەکانی وەکو عێراق و ئەفغانستان چالاک بێ”.

لە شەستەکانی سەدەی رابردوودا، چاکسازی زەوییە کشتوکاڵییەکانی لەلایەن رژێمی پاشایەتی ئێرانەوە دەستیپێکرد، ئەو چاکسازییانە ژیانی خێزانی سولەیمانییان سەراوبن کرد، بەهۆی ئەو پلانەوە باوکی فەرماندە ئێرانییەکە کەوتە ژێر قەرزێکی ۹۰۰ تومەنییەوە کە بۆ ئەوکات پارەیەکی زۆر بوو، هەر ئەمەش سولەیمانیی تەمەن ۱۳ ساڵی ناچار کرد دەست لە خوێندن هەڵگرێ و روو لە کرێکاریی باڵەخانەکان لە شاری کرمان بکات، لە گەرمەی شۆڕشی ئێراندا لە ۱۹۷۹ وەکو تەکنیککارێک لە شارەوانیی کرمان کاری دەکرد.

سولەیمانی لە تاران دەژی، باوکی سێ کوڕ و دوو کچە، کەسانی نزیک لە خۆی باس لەوە دەکەن کە باوکێکی بە سۆزە بۆ منداڵەکانی. بەرپرسانی ئەمنیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش دەڵێن: “رێز لە هاوژینەکەی دەگرێ” و زۆرجار بۆ گەشتەکانی دەرەوەی وڵات لەگەڵ خۆیدا دەیبات. بەگوێرەی راپۆرتێکی (نیویۆرکەر)، بەدەست پرۆستاتێکی قورس و پشتئێشەوە دەناڵێنێ، بەم حاڵەشەوە هاوڕێیەکی عێراقیی نزیکی سولەیمانی بە سەرسوڕمانەوە بە گۆڤارە ئەمریکییەکە دەڵێ: “ئەو هەموو بەیانییەک کاژێر چوار لە خەو هەڵدەستێ و نۆ و نیوی شەو دەچێتەوە نێو جێگەی خەوتنەکەی”.

شۆڕش، سوپا و کوردستان

پێش سەرکەوتنی شۆڕش هیچ ئاماژەیەک نییە کە قاسم سولەیمانی حەزی لە سیاسەت بووبێ، بەڵام لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕش یەکسەر ناوی خۆی لە سوپای پاسداری شۆڕشی ئیسلامیدا نووسی. عەلی سوفان، لێکۆڵەر لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی سوفان، لە راپۆرتێکدا بۆ گۆڤاری دژەتیرۆری ئەمریکا دەنووسێ: “دەبێ سەرنجی کەسێکی راکێشابێ، چونکە هەر دوای تەواوکردنی مەشقە سەرەتاییەکان کرا بە راهێنەری سەربازەکانی دیکە”.

یەکەم ئەزموونی شەڕی قاسم سولەیمانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بوو، کاتێک لە تەمەنی ۲۲ ساڵی لەگەڵ یەکەیەکی سەربازی لە کرمانەوە رەوانەی مەهاباد کران. هەر لەوێ چاوی بە مەحموود ئەحمەدینەژاد، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران کەوت کە لە تەمەنی ۲۳ ساڵیدا راوێژکاری پارێزگاری سنە بوو. بەشداری لە هێرشەکانی سەر رۆژهەڵاتی کوردستان تاوەکو ئێستاش لە ریزەکانی سوپای پاسداراندا وەکو نیشانەیەکی شانازی سەیر دەکرێ. ئەلفۆنێ پێیوایە :”رەنگە ئەزموونی سولەیمانی لە کوردستان رۆڵی هەبووبێ لەوەی وەک فەرماندەی سوپای قودس دەستنیشان کرا”.

شەڕی عێراق و دزینی گیسک

لە سەرەتای جەنگی عێراق و ئێران، قاسم سولەیمانی کە رۆژئاواییەکان بە “فەرماندەی سێبەر” ناوی دەبەن، رەوانەی کرمان کرایەوە بۆ ئەوەی سەربازی نوێ پێبگەیەنێ، بەڵام هێندەی نەبرد جارێکی دیکە خۆی لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ بینییەوە. لە ماوەی هەشت ساڵی جەنگەکە کە نزیک یەک ملیۆن کوژراوی لێکەوتەوە، سولەیمانی لە زۆربەی شەڕە گەورەکاندا بەشدار بووە، لەوانەش شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی شاری بۆستان لە پارێزگای خوزستان لە ۱۹۸۱، ئۆپەراسیۆنی نەسری ۴ لە ۱۹۸۷ کە تێیدا هێزەکانی ئێران هاتنە ناو هەڵەبجە و سوپای عێراق چەکی کیمیایی بەکارهێنا، هەروەها لە شەڕی نیمچە دوورگەی فاو لە پارێزگای بەسرە کە شکستەکەی هۆکاری ئاگربەستی نێوان هەردوو وڵات بوو، بەگوێرەی زانیارییەکان سولەیمانی لە سەرەتاوە دژی هێرشی سەر فاو بووە.

لە ماوەی جەنگە هەشت ساڵەکەدا، سولەیمانی بەهۆی ئازایەتی و مامەڵەی باش لەگەڵ سەربازەکانی ناوی دەرکردبوو، بە تایبەتیش بەهۆی ئەو جەولانەی کە لە نزیک هێڵەکانی سوپای عێراق دەیکرد و تێیدا نەک هەر خۆی بە سەلامەتی دەهاتەوە، بەڵکو لە زۆربەی حاڵەتەکاندا گیسکێکی لەگەڵ خۆیدا دەهێنا بۆ ئەوەی سەربازەکانی بیخۆن. بەگوێرەی راپۆرتەکەی دژەتیرۆری ئەمریکا، هەر بەهۆی ئەمە بوو کە سولەیمانی لەناو سەربازەکاندا بە “گیسکدز” ناوی دەرکردبوو.

ئەلفۆنێ کە چەندین پرۆفایلی لەسەر سولەیمانی ئامادە کردووە، دەڵێت سولەیمانی لەگەڵ فەرماندەکانی سەرەوەی خۆی توند بووە، بە تایبەتیش لەگەڵ موحسین رەزایی، فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران، هەر بۆیەش دوای لێکەوتنی رەزایی لە پۆستەکەی لە ۱۹۹۷ ، بوو بە فەرماندەی باڵای سوپای قودس.

شەڕی تریاک و تاڵیبان

لە دوای تەواوبوونی جەنگ، سولەیمانی رەوانەی پارێزگای کرمان کرایەوە، بۆ ئەوەی “شەڕی دژی مادە هۆشبەرەکان” ئیدارە بکات، دوای سێ ساڵیش توانی ناوچەکە ئارام بکاتەوە. قۆناغی گرنگی ژیانی سەربازی و سیاسی لە ئاداری ۱۹۹۸ەوە دەستپێدەکات، کاتێک کرا بە فەرماندەی سوپای قودس کە لقی چالاکییە دەرەکییەکانی سوپای پاسدارانە و ئەرکی هەناردەکردنی شۆڕشیان لەسەر شانە.

پێنج مانگ دوای دەستبەکاربوونی لەو پۆستە، هێزەکانی تاڵیبان هێرشیان کردە سەر مەزار شەریف لە باکووری ئەفغانستان کە تێیدا سەدان پیاو، ژن و منداڵی شیعە کوژران، لە ناو کوژراوەکاندا هەشت دیپلۆمات و رۆژنامەنووسێکی ئێرانیش هەبوون. ئەو کات یەحیا رەحیم سەفەوی، فەرماندەی سوپای پاسداران داوای لە خامنەیی کرد فەرمانی هێرش بۆ سەر شاری هەرات، لە رۆژئاوای ئەفغانستان دەربکات، تەنانەت ئێران ۲۵۰ هەزار سەربازیشی لەسەر سنووری ئەفغانستان کۆکردەوە.

قاسم سولەیمانی دژی ئەو پلانە بووە پێشنیازی ئەوەی کردووە “هاوپەیمانێتیی باکوور” لە ئەفغانستان بەهێز بکرێ، هەر خۆیشی ئەرکی ئیدارەکردنی هێرشەکانی ئەو هاوپەیمانێتییە لە سنوورەکانی باکوور بەرەو ناوچەکانی دیکەی گرتبووە ئەستۆ. شارەزایان پێیانوایە جەنگی عێراق تەکتیکە سەربازییەکانی فێری فەرماندە ئێرانییەکە کرد، بەڵام ئەوە شەڕی تاڵیبان لە نەوەدەکان بوو فێری کرد چۆن لەسەر شەڕی بە وەکالەت ستراتیژێکی گەورەتر بۆ فراوانکردنەوەی نفووزی ئێران لە ناوچەکە دامەزرێنێ.

هێرشەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ سەر ئەفغانستان دەرگای پەیوەندییەکی بێوێنەیان لەنێوان تاران و واشتندا کردەوە، ئەمریکا دەیویست تۆڵەی هێرشەکانی ۱۱ی سێپتەمبەر بکاتەوە، ئێرانیش تاڵیبان و قاعیدەی بە مەترسییەکی گەورە لەسەر سنوورەکانی رۆژهەڵاتی خۆی دەبینی. ئەو کات رایان کرۆکەر دانوستانکار و جێگری باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەفغانستان بوو. بەپێی راپۆرتێکی (نیویۆرکەر) دانوستانکارێکی ئێرانی بە کرۆکەری گوتبوو :”حاج قاسم بە هاوکارییەکانمان دڵخۆشە”، کە زیاتر لە بواری دەستنیشانکردنی مۆڵگەکانی قاعیدە لە ئێران و ئەفغانستان بوون.

رووخانی بەعس و هەڵکشانی سولەیمانی

دانوستانکارە ئێرانییەکە لە قۆناغێکی هاوکارییەکاندا بە کرۆکەری گوتبوو سولەیمانی بیر لەوە دەکاتەوە پێداچوونەوەیەکی تەواو بە پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکادا بکرێتەوە. بەڵام مانگی هەنگوینی کرۆکەر و سولەیمانی زۆری نەخایاند. جۆرج بوشی کوڕ، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا، لە گوتارێکی کانوونی دووەمی ۲۰۰۲ ئێرانی لەبەرەی وڵاتانی “نەگریس” دانا. کرۆکەر ساڵانێک دواتر بە گۆڤاری (نیویۆرکەر)ی گوت :”یەک وشە مێژووی گۆڕی، ئێمە زۆر نزیک ببووینەوە”.

جەنگی ۲۰۰۳ی عێراق خاڵی وەرچەرخانی سەرەکی بوو. بۆ یەکەمجار لە مێژووی دامەزرانی کۆماری ئیسلامیدا، هێزەکانی ئەمریکا لە سێ لاوە (واتە کەنداو لە باشوور، ئەفغانستان لە رۆژهەڵات و عێراق لە رۆژئاوا) لەگەڵ ئێراندا دەبوون بە هاوسنوور. ئەو جەنگە ئێران و سووریای لە هەموو کات نزیکتر کردەوە، لەبەر ئەوەی هەردوو وڵات پێیانوابوو ئەگەر پلانی ئەمریکا لە عێراق سەرکەوتوو بێ، دواتر نۆرەی ئەوان دێ.

بەگوێرەی راپۆرتەکەی گۆڤاری دژە تیرۆری ئەمریکا، قاسم سولەیمانی بە دوو ئاراستە کاری دەکرد، لەلایەکەوە یارمەتی حکومەتی سووریای دا چەکداری سوننەی جیهادی رەوانەی عێراق بکات و مەترسی لەسەر هێزە ئەمریکییەکان دروستبکات، لە لایەکی دیکەشەوە بۆ هەمان مەبەست مەشقی بە میلیشیا شیعەکانی عێراق دەکرد. بە گوێرەی راپۆرتەکە لە نێوان ساڵانی ۲۰۰۶ بۆ ۲۰۱۱ (واتە کاتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا)، گروپێکی وەکو عەسایب ئەهلی هەق زیاتر لە ۶۰۰۰ هێرشی لەو جۆرەی کرد.

لە ساڵی ۲۰۰۶، قاسم سولەیمانی بۆ ئیدارەکردنی شەڕی یەک مانگەی حیزبوڵڵا و ئیسرائیل روو لە لوبنان دەکات، فەرماندە ئەمریکییەکان لەو ماوەیەدا هەست بە کەمبوونەوەی بەرچاوی هێرشی میلیشیا شیعەکان دەکەن. دوای گەڕانەوەی نامەیەکی بۆ فەرماندە ئەمریکییەکان نووسیبوو: “هیوادارم بەو کەشە ئارام و بێدەنگەی بەغدا دڵخۆش بووبن، من لە بەیروت سەرقاڵ بووم”.

لەدوای پێکهێنانی حکومەتی عێراق لە ۲۰۰۵، سنووری چالاکییەکانی سولەیمانی بۆ گۆڕەپانی سیاسیی عێراقیش درێژبووەوە، بەتایبەتیش لە کاتێکدا پەیوەندیی لە مێژینەی لەگەڵ بەشێکی زۆر لە سەرکردە شیعە عێراقییەکاندا هەبوو. هاوکارێکی نزیکی جەلال تاڵەبانی، سەرۆککۆماری کۆچکردووی عێراق، لە ساڵی ۲۰۰۳ بە (نیویۆرکەر)ی گوتووە “کاتێک بە نەخێر وەڵامی (سولەیمانی) دەدەینەوە، کێشەمان بۆ دروستدەکات، تەقینەوە و تەقە دەستپێدەکات”.

لەو ساڵانەدا سولەیمانی بەرەبەرە بۆ حاکمی بێ ئەملا و ئەولای عێراق بوو. بە گوێرەی راپۆرتی گۆڤارە ئەمریکییەکە سولەیمانی لە ساڵی ۲۰۰۸ نامەیەکی تەلەفۆنی بۆ تاڵەبانی دەنووسێ کە تێیدا رووی قسەی لە ژەنەراڵ دەیڤید پێترایۆس، فەرماندەی باڵای ئەو کاتی ئەمریکا لە عێراق بوو. لە نامەکەدا هاتووە :”بەڕێز ژەنەراڵ پێترایۆس: دەبێ بزانیت کە من، قاسم سولەیمانی، چاودێری سیاسەتی ئێران بۆ عێراق، لوبنان، غەزە و ئەفغانستان دەکەم، باڵیۆزیش لە بەغدا ئەندامێکی سوپای قودسە. ئەو کەسەش کە دێتە شوێنی هەر ئەندامی سوپای قودسە”. ئەو کات ئەمریکییەکان دەیانزانی “حاج قاسم” لە دوای خامنەیی کەسی دووەمە لە داڕشتنی ستراتیژی ئێران بۆ عێراق.

شەڕی داعش… تەماحی سەرکەوتنێکی ستراتیژی

بەهاری عەرەبی و شەڕی نێوخۆی سووریا دەرفەت و هەڕەشەیەکی گەورەش بوو. رووخانی رژێمی سووریا نەک هەر لینکی نێوان ئێران و حیزبوڵڵای لوبنانی دەپچڕاند، بەڵکو رێکخراوە لوبنانییەکەی دەخستە ناو گەمارۆیەکی سەربازی سەختیشەوە. لە چوار ساڵی یەکەمی شەڕەکەدا رژێمی سووریا ناوچەیەکی زۆری لە دەستدا، لەو ماوەیەدا قاسم سولەیمانی و فەرماندەکانی سوپاکەی خەریکی پێکهێنان، راهێنان و ناردنی گروپە میلیشیا شیعەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ ئەفغانستان بوون.

ئەو کات سولەیمانی بە بەرپرسێکی عێراقی گوتبوو :”سوپای سووریا بێکەڵکە، یەک فیرقەی بەسیجی ئێرانم بدەنێ، دەتوانم دەست بەسەر هەموو وڵاتەکەدا بگرم”. بەرپرسێکی ئەمریکیش بە گۆڤارە ئەمریکییەکەی راگەیاندبوو :”سولەیمانی خۆی ئیدارەی شەڕی سووریا دەکات”. سولەیمانی لە ۲۰۱۲ هەوڵی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دابوو تاوەکو رێگەی پێبدەن بە کوردستاندا وەکو رێڕەوی گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی بۆ سووریا بەکاربهێنن. ئەمجارەیان بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەستیان بە ڕووی داواکەی سولەیمانییەوە نابوو.

سەرهەڵدانی داعش دەرفەتی نوێی بۆ ستراتیژەکەی قاسم سولەیمانی رەخساند، لەبەر ئەوەی لادانی بەشار ئەسەد چیدی وەکو ئەولەوییەتێکی نێودەوڵەتی نەمایەوە، لەلایەکی دیکەشەوە شەڕی دژی ئەو رێکخراوە رێگەی بۆ بە دامەزراوەییکردنی میلیشیا شیعەکان لە هەیکەلی دەوڵەتی عێراقدا خۆشکرد، کە زۆرینەیان پەیوەندییەکی لەمێژینەیان لەگەڵ سوپای پاسداران و شەخسی قاسم سولەیماندا هەیە. رووداوەکانی ۲۰۱۴ سەرەتای دانانی بناغەی قۆناغێکی نوێی درێژکردنەوەی هیلالی شیعی بوون.

لە ناوەڕاستی ۲۰۱۵ سولەیمانی کە لە ئێران بە “شەهیدی زیندوو” ناوی دەبەن، هەستی بەوە کردبوو دۆخی سووریا بەپێی پلان ناڕوات، ناکارامەیی سوپای سووریا گوشارێکی دارایی و گیانی زۆری لەسەر میلیشیا شیعەکان دروستکردبوو، بۆیەش دەبووایە زلهێزێکی نێودەوڵەتی بێتە ناو شەڕەکەوە. ئەو کات ئێران و شەش زلهێزی جیهان لە شاری ڤیەننا رێککەوتنە ئەتۆمییەکەیان راگەیاندبوو.

لە تەمووزی ۲۰۱۵، سولەیمانی چووە مۆسکۆ و لەوێ لەگەڵ وەزیری بەرگریی رووسیا کۆبووەوە، ئامانجی گەشتەکە ئەوە بوو رووسیا بەشداری راستەوخۆی لە شەڕی نێوخۆی سووریادا بکات.

بەگوێرەی راپۆرتەکەی دژەتیرۆری ئەمریکا، چەند هەفتەیەک دواتر سولەیمانی گەڕابووەوە سووریا و ئیدارەی هەڵمەتێکی نوێ لەدژی ئۆپۆزیسیۆن و چەکدارە سوننە جیهادییەکان دەستپێکردبوو.

دوو مانگ و نیو دوای گەشتەکەی سولەیمانی بۆ رووسیا، بەشداری راستەوخۆی هێزی ئاسمانی ئەو وڵاتە لە شەڕی نێوخۆی سووریا دەستیپێکرد، هەر ئەمەش باڵانسی هێزی بە قازانجی ئەسەد و میلیشیا شیعەکانی ژێر چاودێری سوپای قودس شکاندەوە.

رۆڵی سیاسی و سەربازی سولەیمانی لە عێراق، سووریا، لوبنان و یەمەن بەردەوامە. بەگوێرەی راپۆرتەکەی سۆفان، لە پێش هێرشەکانی ۱۶ی ئۆکتۆبەری ۲۰۱۷ قاسم سولەیمانی سێ جار سەردانی هەرێمی کوردستانی کوردبوو، هەر سێ جارەکەش پشتگیری لە حکومەتەکەی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کردبوو، چەند رۆژ دواتریش سوپای عێراق بە پشتیوانی میلیشیاکانی حەشد هێرشیان کردە سەر ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان “لەو شەڕەدا سولەیمانی میلیشیاکانی خۆی رەوانەی شەڕەکە کرد بۆ ئەوەی بتوانن کۆنتڕۆڵی ناوچە گرنگەکانی دەوروبەری شارەکە بکەن”.

دەسەڵاتی حەشد و گروپە شیعەکان لە پەرلەمانی عێراق چانسێکی دیکەی بە سولەیمانی داوە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا کاریگەری لەسەر بڕیارە سیاسی، ئابووری و سەربازییەکانی حکومەتی عادل عەبدولمەهدی دابنێ کە بە گوێرەی هەندێک راپۆرت بە رێککەوتنێکی نهێنی نێوان قاسم سولەیمانی و موقتەدا سەدر و دواتر سازش لەگەڵ ئەمریکییەکان ئەو پۆستەی وەرگرتووە.

نخستین نفری باشید که برای این مطلب نظر ارسال می‌کند.!

نظر خود را ارسال کنید

ایمیل شما منتشر نخواهد شد.